ئومێدێك به‌شی هه‌موان ده‌كات

Category: وتـار

Date: 2021-09-10T18:49:51+0000
ئومێدێك به‌شی هه‌موان ده‌كات

عه‌لی حسێن فه‌یلی / تا دێ زه‌وی بۆ ژیانی مرۆف ته‌نگه‌به‌رتر ده‌بێ و كێشه‌و ئاریشه‌كان ره‌نگ و رواڵه‌ت و پانتاییان گۆڕانی  نه‌گه‌تیفانه‌ی به‌سه‌ردا دێ؟ تانوپۆی وه‌رزه‌كان تام و چیژی شێواوه‌ و هۆكاره‌ ترسناكه‌كان بۆ نه‌مان و تیاچوونی ژیان و سروشت   ئه‌و پرسیاره‌  ده‌ورووژێنێ كه‌ ئه‌م هه‌موو كاره‌ساته‌ له‌ پای چییه‌  و كێ سوودمه‌ندی  دۆخێكه‌  هه‌ره‌شه‌ی نه‌مان له‌ گشت ده‌كات؟

سروشت به‌ هه‌موو بارێكدا و له‌ هه‌موو وه‌رزو شوێنه‌كان تووڕه‌یی خۆی نیشان داوه‌  ‌ وهێرشی دوا نه‌هاتووی دێوه‌زمه‌ی په‌تا‌كان  به‌ سه‌ركردایه‌تی  كرۆنا ، ئۆقره‌و ئارامی له‌ مرۆف بڕیوه‌ و شوێنهاتی  برسیه‌تی و نه‌داری و بێكاری و  ئاواره‌ بوونی ملیونه‌ها كه‌س ‌  به‌ هۆی  ئه‌و جه‌نگه‌ دوا نه‌هاتوانه‌ ناهێڵێ هیچ میلله‌تێك  له‌ جیهاندا به‌خته‌وه‌ر بێ  . 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌رچه‌ند تا ئێستا  به‌ روونی  وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ به‌رده‌ست نین ‌ كه‌ بۆ  داعش دروست كراو هێنرایه‌ عیراق؟  بۆ وڵاتانی دراوسێ  به‌ ئاشكرا سه‌روه‌ری ئاوو خاك و ئاسمانی ئه‌م وڵاته‌ پێشێل ده‌كه‌ن؟  بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ بن به‌ستی پێكه‌و ژیانی ئاشتیانه‌ ؟ له‌ كاتێكدا كێشه‌كان هێنده‌ زۆرن به‌شی  هه‌موو پێكهاته عیراقیه‌‌كان ده‌كات ، لێ ئومێدێك  بۆ قۆناغێكی نوێ له‌ كاری سیاسی و حوكمڕانی ئه‌م وڵاته‌ چاوی هه‌ڵێناوه‌ .  

هاووڵاتی  ئاسایی ده‌زانێ به‌شی زۆری ئارێشه‌و كێشه‌كان ‌ زاده‌ی ناوخۆی عێراق نین . هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیا‌ سامانداره مرۆیی و سروشتیه‌‌كه‌ی  عیراق  هه‌مزادو  دوانه‌ی كێشه‌ی مێژووییه‌ ‌  لێ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و ئیراده‌و بوێرییه‌  بخوڵقێنێ كه‌  به‌ وڵاتانی دیكه‌‌ بڵێ ؛ ئارێشه‌ كانتان نه‌هێننه‌ ناو ئه‌م وڵاته‌ چونكو ته‌نیا  كێشه‌ی ئایینی و مه‌زهه‌بی ، سیاسی و ئتنیكی، گه‌رما و بوومه‌ له‌رزه‌  و  وشكه‌ساڵی نییه‌ كه‌  سه‌رجه‌م هاووڵاتییانی خستۆته‌‌ به‌ر مه‌ترسی  راسته‌قینه‌.   گۆڕینی رێره‌وی ئاوی رووباره‌كان ، به‌زاندنی سه‌ربازیی  سنووره‌كان ، ده‌ستوه‌ردانی  ده‌ره‌كی  و به‌رده‌وامی  سیاسه‌تی شه‌ڕانگێزی  لایه‌نه ناوخۆییه‌‌كان دیسان  هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ گۆڕینی چه‌شنی ده‌سه‌ڵات و دیموگرافیاو جوگرافیای  سیاسی ئه‌م وڵاته  . 

شێوازه‌كانی مردن فراوان و  جیاوازن   به‌ڵام خوا كه‌ مرۆفی  ئافراند  هه‌رچه‌ند   به‌ ره‌هایی مردنی كردووه‌   به‌ دوا وێستگه‌ی ژیانی له‌م جیهانه‌دا  به‌ڵام باسی كوشتنی  به‌و شێوازه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ره‌واجی سه‌ندووه‌ نه‌كردووه‌  .  ‌ ‌ كوشتن وه‌ك به‌رئه‌نجامی  تیرورو ئیرهاب  هه‌ڵبژارده‌ی خودی ئینسانه‌ و ئه‌گه‌ر زاده‌ی  ئایدیاو شوێنێكی تایبه‌تیش بێ  ‌ لێ مه‌ترسیه‌كانی بۆ سه‌ر مرۆفایه‌تی و هه‌موو جیهان سامناكه‌.  جیهان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ لێ   شرۆفه‌ی  ده‌ورو   نه‌خشی عیراق بۆ باسی پێكه‌و ژیانی ئاشتیانه‌  و وه‌ك مودێلێك بۆ  ده‌رچوون له‌ بازنه‌ی  قه‌یرانه‌كان‌ زیادی كردووه‌ وئومێدی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه‌ به‌ڵام   چاوه‌نواڕی بۆ ناوخۆش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌رگانه‌ی  هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌م گۆڕانكاریانه‌  كه‌ عه‌رشی سیاسه‌تی هه‌ژاندووه‌  بڕیار به‌ده‌ستان   كامه‌  سیسته‌م و شێوازی ژیان بۆ ئه‌م میلله‌ته‌  هه‌ڵده‌بژێرن و ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن ؟

related

ئاینده‌یه‌كی باش له‌ ئامێزی په‌چه‌ی شه‌رمدا

Date: 2020-12-30 20:06:43
ئاینده‌یه‌كی باش له‌ ئامێزی په‌چه‌ی شه‌رمدا

هەر چێ نقا و نزاسە دە دنیا، ئیمە ئەخوازیمنەیان

Date: 2021-02-27 13:33:33
هەر چێ نقا و نزاسە دە دنیا، ئیمە ئەخوازیمنەیان

سەرۆک هەرێم کوردستان دە بەغدا

Date: 2021-04-14 13:45:30
سەرۆک هەرێم کوردستان دە بەغدا

دوعایه‌ك بۆ هه‌موو روژانی ئه‌م وڵاته‌

Date: 2021-08-01 20:25:46
دوعایه‌ك بۆ هه‌موو روژانی ئه‌م وڵاته‌