کێشەی کوردو فەلەستین قەیرانی قووڵی رۆژھەلاتی ناوەڕاست..

کێشەی کوردو فەلەستین قەیرانی قووڵی رۆژھەلاتی ناوەڕاست..
2023-10-14T13:40:39+00:00
محمد رؤوف محمد/  ڕۆژھەڵاتی ناوەراست ھەرگیز ئارام و سەقامگیری تەواو بەخۆیەوە نابینێت تاوەکو کێشەو قەزیەی ھەردوو گەل و نەتەوەی کوردو فەلەستین چارەسەر نەکرێت بەشێوەیەکی ریشەیی، ھەر چارەسەرێکی تەکتیکی یان کورتخایەن یان سیاسی و ناچاریی ھەر دەبێتە پینەو پەڕۆو نەوەیەک پێی رازی دەکرێت و نەوەی دوای ئەوان دێنەوە سەر قەزیەکەو دەستدەکەنەوە بە ھەوڵ و بەرخۆدان..

 نھێنی ئەم بابەتە لەوەدایە کە ئازادی و سەربەخۆیی و کەرامەتی مرۆڤ و زمان و خاک و قەوم و قەبائل ئەمانە ھەمویان ئایەتی خودان و لەگەل مرۆڤدا لەدایک دەبن و بەشێکن لە فیترەت و غەریزەی بەشەری ، ئەم ئایەتانە نەسخ نابنەوە و ناسڕڕێنەوەو کۆتاییان پێنایەت تاوەکو ژیان و زیندەگی لەسەر زەویدا ھەبێت..

 لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتە کۆنەکاندا خەلک وایدەزانی چیتر گەل و نەتەوە بچوکەکان ون دەبن و دەبنە بەشێک لەمێژوو بەڵام وادەرنەچوو، لەسەرەتای عەولەمەو جیھانگیریدا وتیان ئیتر ئەمە کۆتایی نەتەوەو گەل و زمانە ھەژارەکانەو ھەموویان لەناو دەچن ئەویش وادەرنەچوو، مرۆڤ ھەرچەندە پێشکەوێت و دەسەڵات بەدەست بێنێت ناتوانێت ئایەتی خوا نەسخ بکاتەوەو بیسررێتەوە ، دەبێت ئەودەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە و ئیسرائیلیش کە لەسەر خاکی گەلی فەلەستین دەوڵەتێکی بۆ دروستکراوە باش لەوە تێبگەن ناتوانن تاسەر بەردەوامبن لە دژایەتیکردنی ئایەتەکانی پەروەردگار بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە دەبێت ئەم دوو گەلە ڕازیبکرێن و ئیسرائیلیش دەستھەڵبگیرێت لەئازارو ئەشکەنجەو بێبەشکردنیان لەو مافانەی خوای گەورە پێیداون وەک نەتەوەکانی دیکەی جوولەکەو عەرەب و فارس و تورک، 

﴿ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ﴾ [ الحجرات: 13]

نێرو مێ ، گەلان و ھۆزەکان، ئەوانە یاسای دانراوو جێگیرکراوی خودان لەناوناچن.

﴿ وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ﴾ [ الروم: 22]

ئاسمانەکان ، زەوی ،جیاوازی زمانەکان ، ڕەنگی جیاوازی مرۆڤەکان ، ھەموو ئەوانە ئایەتی خودای پەروەردگارن پێکەوە باسیکردون ئیتر گەوجێتیە بیر لە سڕینەوەی بکرێت.

بۆیە بۆ ئسرائیل بۆ عەرەب و تورک و فارس بۆ رۆژھەلاتی ناوەراست واباشە ھەرچی زوتر بیرکەنەوە لە چارەسەری ڕیشەیی بەئاشتی بۆگەرانەوەی ئەو مافانەی خوا جێگیری کردوون ، ھەردواخستنێک زەرەرێکی زیاتر دەدات ، نائارامی زیاتر دروستدەکات، زوڵمی زیاتربەرھەمدەھێنێت، بەھیواو ئومێدی ئەوەی ئاوێکی ئاشتی و مرۆڤدۆستانە بەم ئاگرانەی ئێستاو ژیڵەمۆکانی ئایندەدا بکرێت و ئەم ناوچەیەش لانیکەم بۆ ماوەیەک ئارامی و پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێت و چیتر نەکرێتە ھۆکاری ململانێی ئیقلیمی و نێو دەولەتی.

Shafaq Live
Shafaq Live