هەرێمی كوردستان و دەرکەوتنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ

هەرێمی كوردستان و دەرکەوتنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ
2020-10-16T19:56:27+00:00

لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لەسەر سیاسەتی ئافراندن و بونیادنانی ئاسۆیەکی بەڵێندەر بەرەو دەروازی بنەماکانی سەقامگیری لە هەرێم و عیراق، ئەو سەقامگیریەی تیایدا دەکرێت پانتاییەکی بێ سنوور لە ئازادی داهێنان و هزر و دامەزراندنی دیموکراسی و فەرمانڕەوایی باش دەستەبەر بکرێت و فەرهەنگی گفتوگۆی ئەرێنی و جیاوازی و بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە گەشە بکات و بنەمای بەشداریکردنی سیاسی فراوانتربکرێت و کەلتووری ڕێزگرتن و لێبووردەیی و دەستپاكی و لێهاتوویی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و بەهێزکردنی فاکتەرەکانی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە نێوان پێکهاتە جیاجیاکانی کۆمەڵگە لە هەرێم و عیراق ڕەگ دابکوتێت، نیشانەکانی هاتنە کایەی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ دەردەکەوێت.

بە هۆی جیاوازیەکان بە درێژایی ساڵانی ڕابووردوو پەیوەندیەکان سیمای توندکردن و ڕاکێشانیان بە خۆیانەوە گرتبوو. دۆسیەی دارایی و ئاسایش و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم و پێشێلکردنی ماددە دەستوریەکان، کە گرێبەستی نێوان هەردوولایە، سەرچاوەی درووستبوونی قەیرانەکان بوون.  

گەڵاڵەکردنی ئەم پەیوەندیە نوێیە لە ئەستۆی سێ جەمسەری سەرەکیە (سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت، سەرۆك وەزیران و سەرۆک کۆماری عیراق)، کە ئەمڕۆ بە هونەری سیاسەتی گفتوگۆ وبابەتیبوون  لە ناوەڕۆك ڕێکەوتنگەلێکی چاوەڕوان نەکراویان بەرهەم هێناوە، کە بە "ڕێکەوتنی مێژوویی" ناودەبرێن.

بە دڵنیاییەوە ئەم هەنگاوانە ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئاسایشی و ئیداری ناوچەکانی تری دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم لەگەڵ خۆیان دەهێنن، کە دواجار دەتوانێت ببێت بە هەوێنی هاوپەیمانێتیەکی سیاسی نوێ و لە بەرژەوەندی هەرێم و عیراق تەواوبێت، لە کاتێکدا بۆ ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو بۆنەی سیاسی وەکو هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئارادایە.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە پاش سنوورداربوونی هەژموونی ئێران لە عیراق، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، مەبەستیە ئاسمانی سیاسی لە تەواوی عیراق تاڕادەیەك بێگەرد بێت و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا لە داهاتوودا تۆکمەتر و بەهێزتربێت. بەو شێوەیە دەکرێت بەرنامەکان بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی باشتر جێ بەجێ بکرێن و دەسەڵاتی فاکتەرە نادەوڵەتیەکان و میلیشیا چەکدارەکان لاواز و بنەبڕبکرێن.    

دیارە هەوڵی بەڕاست هەیە لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حکومەتی مستەفا کازمی بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی دارایی خنکێنەر لە هەرێمی كوردستان. بەروبومی کۆبوونەوە ئەرێنیەکانی لیژنە تایبەتمەندەکانی هەولێر و بەغدا بۆ دانانی میکانیزمی هاوبەش و هاوکاری و هەماهەنگی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان (پرسی ماددەی ١٤٠، بودجەی پێشمەرگە، داهاتی نەوت و خاڵە سنووریەکان...) خەریکە پێ دەگەن، ئەمەش ئەگەر چی تاڵە بۆ لایەنەکانی کە بە ئەجیندای دەرەکی هەڵوێست وکرداردەنوێنن، بەڵام دواجار لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان بەتایبەتی وگەلی عیراق بەگشتی تەواودەبێت. 

هەرێمی كوردستان لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بەردەوام ئامادەیی خۆی دەربڕیوە لە کارکردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و جیهانی ئازاد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕێگریکردن لە هەڕەشەی وەرچەرخانی نەرێنی دژ بە دیموکراسیەت لە عیراق و ناوچەکە.

بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی حەکیمانە لە لایەن سەرکردایەتی سیاسی لە پەیوەندیەکان لەگەڵ حکومەتی مستەفا کازمی و جیهانی دەرەوە و خۆ دوورگرتن لە سیاسەتی جەمسەرەکان و پشتبەستن بە هاوسەنگی ومیانڕەوی وبەهێزکردنی هاوکاری لە بواری پەیوەندیە ئابوریەکان هەرێم دەتوانێت سەرکەوتوو بێت بە سەر ئالنگارییەرکان. ئەمەش دەرفەتێکە بۆ خستنەسەر ڕێی ئەم وڵاتە لەسەر هێڵێکی ڕاست و درووست.

لە کۆتاییدا، مکوڕبوون لەسەر فەزای جیهانی و زانینی هونەری پێکەوەژیان وئاڵوگۆڕ بە ووردی بۆ نەهێشتنی بەربەستەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان نیشانەی شارستانیەت وبونیادنیانی پەیوەندیە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان و سەروەری دەوڵەتە.  

دکتۆر سامان سۆرانی

Shafaq Live
Shafaq Live