دۆزی کورد لە نێوان سەرەتا و ئاسۆدا
ژمارەی دانیشتوانی کوردەکان لە40 ملیۆن زیاترە ، کوردیش گەلێکی کۆن و خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژن ، هەر لە کۆنەوە لەو شوێنەدا ژیاون و چاڵاکانە بەشدارییان لە کولتوور و شارستانیەتی گەورەی دەڤەرەکەدا کردووە ، کەچی هەتا نوها وەک گەورەترین گەل لە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان بێبەشن ، زۆرجاریش لە بچوکترین مافی نەتەوایەتی و مرۆیی دا بێبەشکراون . خاکی کوردستانیش ، خاکێکی بە پیت و بەرەکەت و ستراتیژییە ، کە هەتا ئەمڕۆ لە نێوان دەوڵەتەکانی وەک تورکیا ، ئێران ، ئێراق و سوریە دا دابەشکراوە ، دابەشکردنەکەش شێوە فۆڕمێکی کۆڵۆنی نێودەوڵەتی بە خۆیەوە دەبینێت . سەرەڕای ئەو دابەشکردنە داگیرکاری و درێژەش ، گەلی کورد شتە هاوبەشەکانیان وەک یەک ماوە.
دۆزی کورد ، دۆزی کەمە نەتەوەیی و کێشەیەکی کولتووری و هاوڵاتیبوون نییە ، بەڵکو دۆزەکە ، دۆزی گەل و خاکێکی بندەست و داگیرکراوە ، هەر چەندە داگیرکارانی کوردستان بەردەوام ڕێگربوونە لە ئازادی نەتەوەیی و پێشکەوتنی فرەلایەنی کۆمەڵگای کوردی ، لێ دەرکەوتن و پەرەسەندنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی لە خەباتی خۆی نەکەوتووە و خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژە و بزاڤی ناسیۆنالیزمی کوردیش بە شێوازی جۆراو جۆر لە خەباتی ئازادی نەتەوەیی وپێشکەوتنی جڤاتی کوردی دا بەردەوام بووە ، لەم ڕێگایەشدا ، ڕووبارێک خوێنی ڕشتووە.
لە ڕاستی دا ، ئازادی نەتەوەیی و پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردی بەندە بە هەبوونی کیان و دەوڵەتی کوردی ، بەڵام مخابن ، هەتا نوها جەوهەری کێشەکە لەوە دایە ، کە چۆن بەو کیان و دەوڵەتە دەگات ، هەر بۆیە ، ئەوەی دووەمیان بۆتە جێگای ململانێی هزری و سیاسی لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی دا.
ڕاستە ، دروستبوونی دەوڵەتێکی یەکگرتووی کوردی بۆ هەموو پارچەکان ، ڕەنگە لە ڕەوشی ئەمڕۆی دەڤەرەکە و جیهانی دا ، جۆرە یوتۆپیەیەک بێت ، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت ، کە کوردی هەر پارچەیەک خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکانی خۆی و دەوڵەت نەکات ، هەر هیچ نەبێت بۆ گەیشتن بە شێوە فۆڕمێکی فیدڕالی و کۆنفیدڕالی ، لێ جەوهەری بەردەم چارەسەرکردنی پرسی کورد لەوە دایە ، کە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی کرانەوە و دیمۆکراسی قبوڵناکەن و درێژە بە شێوازی دیکتاتۆری و ئەوتۆکراتی و سیاسەتی شۆڤێنی خۆیان دەدەن ، هەر بۆیە ، هزر و سیاسەتی سەد ساڵەی ڕابردووی سایکس پیکۆ فەشەلی هێناوە و دەڤەرەکە پێویستی بە شێوەیەکی نوێی سیاسی و ڕێکخستن هەیە ، کە مافی گەلی کوردی تێدا پارێزراو بێت.
لە ڕەوشی نوێی جیهانی و دەڤەرەکەدا ، کورد و بزاڤی سیاسی کورد پێویستە بە شیوەیەکی ووردبین و واقیعبینانە ، پڕاگماتیزم و یەکگرتوو مامەڵەبکات و دەرسوپەند لە هەڵەکانی ڕابردووی خۆی وەربگرێت و ئەم دەرفەتە نوێ و مێژووییە لەدەست خۆی نەدات ، ئەگینا سەد ساڵی تر بە هەمان دەرد دەناڵێنێت. بزاڤی سیاسی کورد دەبێت بیر لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی بکاتەوە و نەبێتە ئامڕازێك بۆ پاراستنی بەرژەوەندی زلهێزە هەرێمی و جیهانییەکان ، بە تایبەتی لە ڕەوشی ئەمڕۆکەدا ، کە بەرژەوەندی و باڵادەستی پێشینەی هەموو شتێکە .
ئاشکرایە ، کە دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی بۆ هۆکارگەلێک دەگەڕێتەوە ، لێ یەکێك لە هۆکارەکان بۆ پەرتەوازەیی ، جۆری بیرکردنەوە و خەباتی خۆمان دەگەڕێتەوە ، سەرباری نەبوونی سەقفێکی نەتەوەیی هاوبەش و نەبوونی ستراتیژیەتێکی ڕوونی نەتەوەیی دەگەڕێتەوە . هەر لەم ڕۆژگارە و بەم بۆنەیەوە ، بە تایبەتی لە ڕەوشی سەخت و ئاڵۆزی نوهای گەلی کورد دا ، داوا لە هەموو لایەن و سەراپای بزاڤی سیاسی کوردی دەکەین ، کە یەکگرن و گەڵاڵەی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی هاوبەش بکەن و، پێویستە سەقفی داواکاری مافەکانی گەلی کوردیش بەرزبکەنەوە ، چونکە هەر چییەک بخوازن ، داگیرکاران ئامادە نین نەک تەنیا دان بە مافەکانی کورد دابنێن ، بەڵکو زۆرجاریش هەبوونی کوردان ئینکار دەکەن . پڕاگماتیزم و ئاشتیش لە دونیای کرانەوە و گلۆبالیزم دا ، بێ شک ، بە قازانجی کورد و بزاڤە سیاسییەکەی دەکەوێتەوە . دەستگرتن بە دەستکەوتە نەتەوەییەکانی باشوور و ڕۆژاڤاش ئەرکی هەموو لایەن و وڵاتپارێزێکی کوردستانییە .
بەڕێزان ، ئێمە دەستەیەک لە خەباتگێڕ و ئەکادیمیکاری کوردستانین لە دیاسپۆرا و ناوەوەی وڵات ، هەر بەو بۆنەیەوە و لەوەها ڕەوشێکی هەستیار و مێژووییدا ، داوا لە هێژا سەرۆک بارزانی و هەموو لایەنەکانی تری کوردستانی دەکەین ، کە هەرچی زووە لە دەورەی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و دیمۆکراسی دا کۆببنەوە و هەوڵی پێکهێنانی مەرجەعێکی نەتەوەیی هاوبەش و هاوسەنگ بدەن و سەقفی داواکارییە نەتەوەییەکانی بزاڤی سیاسی کوردیش بەرەو کیان و دەوڵەت بەرزبکەنەوە ، چونکە بێ کیانی و بێ دەوڵەتی هەبوونی کەسایەتی نەتەوەیی و جڤاکی کوردی بە بندەستی و پەرتەوازەیی دەهێڵێتەوە ، هزر و سیاسەتی داگیرکارانی کوردستانیش هەر هەمان هزر و سیاسەتی سەد ساڵی ڕابردووە ،زۆر جاریش لە جاران بەهێزتر و دڕندانەترن ، چونکە باش دەزانن ، کە دونیا بەرەو گۆڕانە و کوردیش هۆشیارترن .
سڵاو لە بەرخۆدانی بەردەوامی گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەی کوردستان دا ، سڵاو و ڕێز بۆ هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی نەتەوەیی و کوردستان.
لیژنەی ڕێکخستن:
د.نەجمەدین کەریم
د. سەعدەدین ملا
حەمید نەورۆز ئابان
بافێ نازێ
د.حەمید گەردی
د. کەمال عەلي
سەلام بۆسلی
دلیر عەلي