دیاردەی «نیوە ماف» شێوازێكی مۆدیرنی جینوسایدە
شەفەق نيوز- لەکاتێکدا ئێمەی کوردانی فەیلی یادی 46 ساڵەی دەسپێکی جینۆساید دەکەینەوە، ململانێیەکی نوێ لە ناو ڕاڕەوەکانی بوروکراسیی عێراقدا دەبینرێ کە مەترسییەکەی لە بێسەرو شوێنكردن و کۆچی زۆرەملێ کەمتر نییە. ئەم ململانێیە لە نێوان دوو چەمکدایە: (مافی تەواو) وەک شایستەیەکی دارایی یاسایی و ئەخلاقی بۆ قەرەبوو كردنەوە ، و(نیوە ماف) وەک مۆدێلێکی نوێی باجگیریی سیاسی و ئیداری.
ساڵانێكە لە بواری قەرەبوو، دیاردەی داواکردنی 50٪ی شایستە داراییەکان یان موڵک و زەوییەکان لەلایەن مافیاکانی ناو فەرمانگەکان و هەندێك بە ناو پارێزەر كە لە راستیدا دەڵاڵن و بەشدارن لە گەورەترین دیاردەی ناحەقی و تاوانی دارایی كە ئەمەش تەنها گەندەڵی نییە، بەڵکو گۆڕینی فەلسەفەی دادپەروەرییە بۆ بازرگانیەكی نەگریس.
کاتێک پیاوانی حكومەت یان بریکارەکانی بە قوربانییەکە دەڵێن ؛ نیوەی ماڵەکەت بدە بە ئێمە تا نیوەکەی ترت بۆ دەستەبەر بکەین! ئەوا بە کردەیی کارەکتەری دەوڵەت لە «پارێزەری ماف»ەوە دەگۆڕدرێت بۆ شەریکی سامانی غەدر لێکراو. ئەمە بەردەوامیی هەمان عەقڵییەتی ساڵی 1980یە، بەڵام تاوانەكە بەرگێكی نوێی بە بەردا كراوە بێ ئەوەی تا نهۆ كەس لەسەر ئەو تاوانە سزا بدرێ.
قبوڵکردنی «نیوە ماف» لەلایەن هەندێک لە قوربانییەکانەوە بەهۆی فشاری بژێوی و بێهیوایی لە سیستەمە. بەڵام ئەم كارە هەڵەیە و بەو واتایە تۆ نیوەی مافەکەت دەدەیت بە مافیا. لە ڕاستیدا شەرعییەت دەدەیت بەوەی کە مافەکەت موڵکی تۆ نییە و دەبێت بیکڕیتەوە. بەم مۆدێلە، نیوەی ئەو سەرمایەیەی کە دەبوو بگەڕێتەوە ناو ژێرخانی ئابووریی کوردانی فەیلی، دەچێتە ناو گیرفانی مافیاکانی دەرەوەی پێکهاتەکە و ئەمە وادەکات فەیلییەكان هەمیشە لە ڕووی داراییەوە لە پاشکۆیەتی و لاوازیدا بمێننەوە.
داواکردنی (مافی تەواو) جەنگی سەلماندنی شوناسە. کاتێک ئێمە وەک کوردانی فەیلی سوور دەبین لەسەر وەرگرتنی 100٪ی مافەکانمان، پەیامێکی سیاسی بۆ حكومەت دەنێرین: ئێمە هاووڵاتیی پلە دوو نین و باجی قوربانیبوونمان نادەینەوە بە ئێوە.
دیارە پاساوی «واقعبینی» و «باشترە لە هیچی» هەروەها بوونی گەندەڵی لە ئاستێكی هەربەرزو فراواندا ڕێگە بۆ مۆدێلی «نیوە ماف»ی خۆش دەكات لێ ئەمەش گەورەترین گورزە لە شکۆی مێژوویی ئەم وڵاتە.
چینی نویێ گەندەڵكاران و دەڵاڵ كە سیستەمی «نیوە ماف»یان دروست كردووە ، لەسەر جەستەی جینۆسایدی فەیلییەكان و هاوشێوەیان دەژین. رێكارەكانی جێبەجێكردنی یاساکانی قەرەبووکردنەوە لە مێژە بوونەتە دەرفەتە بۆ دەوڵەمەندبوونی مافیاکان. ئەگەر ڕەوتەكە ڕانەگیرێت زەرەرمەندی فەیلی چون دەتوانێ باوەڕی بە «دەوڵەتی یاسا» بمێنێت لە كاتێكدا رێكەوتن لەسەر پەنجا پەنجا یان نیوە ماف تەنها ڕێگەی وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانی بێت!؟
ئەم مۆدێلی هاووڵاتیبوونی فەیلی لە عێراقدا بەواتەی ئەرکی تەواو لە بەرانبەر مافی نیوەچڵە .
46 ساڵە یادی جینوساید و چاوەنواڕی لە مانگی نیساندا یەك دەگرنەوە ، پێویستە مۆدێلی «نیوە ماف» وەک تاوانێکی نیشتمانی وێنابكرێ و بایکۆتی ئەو ڕێکارە ئالوودانە بکرێ كە مەترسین لەسەر گەراندنەوەی مافەكان . رێكارێكی چارەسەرو گونجاو بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە شەفافییەتی دیجیتاڵییە كە فشار دەخاتە سەر گەندەڵكاران و دەستی حکومەت واڵا دەكات تا هەموو دۆسیەکانی قەرەبووکردنەوە بە شێوەی ئەلیکترۆنی بن و هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ڕاستەوخۆ لە نێوان قوربانی و فەرمانبەری فاسد نەمێنێت.
قبوڵکردنی «نیوە ماف» واتە لە سای بێ دەنگی حكومەت ئێمە بە دیدی گەندەڵكاران هێشتا بەتەواوی نەبووینەتە هاووڵاتی و دەبێ جەنگ بۆ (مافی تەواو) بكەین . جەنگ بۆ ماف وشکۆ، بۆ مێژوو و بۆ داهاتووی نەوەکانمان. هەر ڕێککەوتنێک لەسەر نیوەی مافەکانمان، تەنها واژۆکردنە لەسەر درێژکردنەوەی جینوساید ئەویش بە شێوازێکی مۆدێرن.