ئایا جیابوونەوەی یەکلایەنە چارەسەرە.. کۆزۆڤۆ وەکوو نمونە

ئایا جیابوونەوەی یەکلایەنە چارەسەرە.. کۆزۆڤۆ وەکوو نمونە
2025-08-11T09:23:35+00:00

بەدر ئیسماعیل شیرۆکی/ راگەیاندنی جیابوونەوەی یەکلایەنە لە یاساکانی نێودەوڵەتیدا، وەکوو پرسێکی پڕ گەنگەشە و مشتومڕ ئامێز، بەتایبەتی لە بواری بەریەککەوتن و دەرگیربوونی لەگەڵ بنەمای خۆبەڕێوەبەریی گەلان، هەروەها بنەماکانی تەواویەتیی سەرزەمینیی دەولەتان، جێگای سەرنج و هەڵوەستەی جدی و لێکدانەوەی قوڵی سیاسی و  یاسایییە،

 پرسێکی لەو چەوشنە،  ئەوکاتە زیاتردەبێتە جێی مشومڕ و دەبێتە رۆژەڤ و دێتەوە بەرباسان، کە گرۆپێکی نەتەوەیی، یان ناوچە و هەرێمێکی نادەوڵەتی، بەبێ رەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی، یان گەل و نەتەوەی سەردەست، سەربەخۆیی سیاسی، ئیداری، یا جوگرافی خۆی رادەگەیێنێ و بڕیار  لە سەربەخۆیی خۆی، لە بوارێک لەو بوارانەی سەرەوە دەدات.

نمونەیەکی رونی پرسێکی لەو چەشنە، لە رۆژگاری ئێستا و لە سەردەمێکی زۆر نزیکدا، راگەیاندنی سەربەخۆیی تەکلایەنەی گەلی کۆزۆڤۆ، لە وڵاتی سێربیایە، کە  لە ساڵی ٢٠٠٨ هاتە کایەوە. ئەم بڕیاری جیابوونەوەی تەکلایەنە، دوای بەدەیان ئاستەنگ و بگرەو بەردە، دواجار بە پێی بریار و ڕا و راوێژی  دیوانی دادوەری نیودەوڵەتی، لە ٢٢ی مانگی ژوئێنی ساڵی ٢٠١٠ وەکوو کیانێکی دانپێدانراوی یاسایی، شوێنی خۆی لەسەر نەخشەی گەلانی ئازاد و  سەربەخۆی جیهان کردەوە و دەستنیشان کرد.

دیوانی راوێژکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، ئەو حوکمەی خۆی لەبارەی راگەیاندنی سەربەخۆیی کۆزۆڤۆ بەو شێوەیە رونکردەوە، کە ئەو راگەیاندنە یەکلایەنەیە، سەرپێچی و بەزاندنی سنوری یاساکانی نێودەوڵەتی، لەوانەش بڕیارنامەی ١٢٤٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، چونکە یاسا نێودەولەتییەکان هیچ جۆرە لەمپەڕ، یان یاساغکردنێکی راشکاو و رونی بۆ دیاریکردن و راگەیاندنی سەربەخۆیی یەکلایەنەی کەمینەیەکی نادەوڵەتی نییە.

دیوانی راوێژکاری، لە وەڵامی رەخنە و گازندەی وڵاتی سربیا و بەشیک لەوڵاتە هاوپەیمانەکانی، لە لێدوانیکی یەکلاکەرەوەدا رونیکردەوە، کە تەواویەتیی جوگرافیایی و سەرزەمینی، مینا تەنگەژە و کێشەیەکی بناغەیی یاسای نێودەوڵەتی، بەشێوەیەکی بنچینەیی ئاماژە بە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتە سەربەخۆیەکان و پێمڵی نواندن بەرابەر یەکتریان دەکات، و بە شێوەیەکی زۆر تایبەت، بۆ رێکخستنی جۆری هەلسوکەوت و رەوتاری دەوڵەتە سەربەخۆکان، لەگەڵ یەکتر بەرنامەرێژی کراوە. بە بارێکی دیکەدا ئەو بنەما یاساییە، دەوڵەتان پایبەند دەکات، تاکوو رێز لە سنورەکانی یەکتر بگرن، بەڵام لەهەمان کات و بەهەمان چەشن ناتوانرێ هەر ئەو بنەمایە(مادەیە)، بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەسەر بزاڤ و راو کرداری گرۆپێکی مرۆیی، یان ناوچە و دامەزراوە ناوخۆییەکانی نادەوڵەتیی ناوەوەی دەوڵەتێک، مینا نوێنەری خەڵکی کۆزۆڤۆ، کە بە شێوەیەکی یەکلایەنە سەربەخۆییان راگەیاندووە بسەپێنین. هەر لەو بارەوە دیوانی دادوەری نێودەوڵەتی دووپاتی کردەوە، کە راگەیاندنی یەکلایەنەی سەربەخۆیی کۆزۆڤۆ، وەکوو هەنگاوێکی ناحکومی دێتە هەژمار و لەدەرەوەی بنەمای تەواویەتیی سەرزمینی یە، کە لە مادەی  ٢-٤ ی راگەیێنراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڵگەنامە پەیوەستەکانی دیاریکراوە.

ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین،  بە پێی شیکاری دیوانی نێودەوڵەتی دادوەری لە پرسی کۆزۆڤۆدا، کەم و کۆڕیەکانی بنەمای تەوایەتی سەرزەمینی و سەپاندنیان بەسەر کۆمەڵە مرۆییە ناوخۆییەکان، بە مانای جیابوونەووەی مرۆڤدۆستانە، وەکوو مەسەلەیەکی ریزپەڕ لەو بنەمایە لەبەرچاو گیراوە و بووتە دەریچەیەکی یاسایی بۆ جیابوونەوەی کۆمەڵ و کەمینەی مرۆیی و نەتەوەیی، یان ناوچە و هەرێمی نادەوڵەتی، لە چوارچێوە و سازوکاری ئابلوقەدەری دەوڵەتانی ناوەندیدا.

Shafaq Live
Shafaq Live