نمایشێكی ڕووکەش یان واقیعی داڕمان
عەلی حسێن فەیلی / عێراق پێویستی بە پێناسەکردنەوەیەکی بنەڕەتیی بۆ فەرمانڕەوایی هەیە. ناکرێت بە هەمان ئەو ئامراز و عەقڵیەتەی قەیرانەکانی خولقاندووە و تا نهو کۆمەڵگە باجی زۆر قەرەبوونکراوی بۆ داوە بچیتە ناو جەنگی قەیرانەکانەوە.
وڵاتان پێش ئەوەی لە مەیدانی ململانێی سەربازی یاخود داڕمانی لەناکاوی سیاسی بڕوخێن، لەناو بیرۆکراسیی ڕۆژانە و سەرقاڵبوون بە کردە نمایشییە بێبنەماکاندا هەرەس دێنن. ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیانی گشتیدا لە عێراق دەیبینین، ناکارامەیییەکی ئاسایی یان کەمئەزموونیی تەکنیكی نییە، بەڵکو گەیشتنە بە قۆناغی هەوڵدانی بەردەوامی دەسەڵات بۆ پەردە پۆشی و بەلارێدا بردن لە وڵاتێكدا کە خۆیان پێشتر متمانە وهێماکانی ژیانیان تیایدا كاول كردووە.
ئەم بەستێنە شوومە لە هەموو سێکتەرەکاندا بەڕوونی دیارە. لە پەروەردەدا؛ ڕاگەیاندنی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بێ بنیات نان و نوێکردنەوەی ژێرخان، تەنیا پەردەپۆشکردنی کەمی هەزاران بینای خوێندن و فەرامۆشکردنی قوتابخانە دوو شەفتی و سێ شەفتییەکانە. بەرپرسان، کوالیتی خوێندن و ئاسایشی قوتابی دەکەنە قوربانیی ئامارسازی و تقویمی خوێندن. هەمان لۆژیک بەسەر سیستەمی تەندروستیشدا زاڵە. نەخۆشخانە دەوڵەتییەکان لە کەلاوەی چۆڵکراو دەچن؛ نە دەرمانی پێویست هەیە و نە ئامێری سەرەتایی. نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی ، نەخۆش دەنێرێتە باوەشی کەرتی تایبەتی گرانبەها، لە کاتێکدا بودجە لە گەندەڵیدا بەهەدەر دەدرێت.
بەدڵنیایی ئەم داڕمانە لە بێدەسەڵاتی نییە، بەڵکو تێکدانی بەئەنقەستە. لایەنی تێكدەر بە هەڵە کەرتی گشتی ئیفلیج ناکات، بەڵکو کاولکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانەی دەوڵەت، مەرجی سەرەکی گەشەکردنی رەهای كەرتی تایبەتە.
تا زانکۆی دایک و نەخۆشخانەی میری وەک زبڵخانەی لێ نەیەت، بازاڕی بڕوانامەفڕۆشی و نەخۆشخانە بازرگانییەکانی بە ناو ئەهلی گەرم نابێت. لەو شوێنەی دامەزراندنی دەوڵەتی بووەتە پاوانی مەحسوبیەت ، ئەنجامەکەی بێجگە لە کەڵەکەبوونی ملیۆنان دەرچووی بێئومێد، فرۆشتنی دەرفەتەکانی کار و کۆچی سەرمایەی مرۆیی هیچی تر نییە.
لەم وڵاتەدا، پاشاگەردانی و سیستەمی ناكارای بۆ ئەوەیە خەڵک سەرقاڵ بكات .
لەم حەشارگە ئارامەی گەندەڵی و لە ناو سنوورە بێ سنوورەکاندا، ماددەی هۆشبەر بووەتە هەڕەشەیەك کە بە بێدەنگی جیا لە جەستەی گەنجان ، داهاتووی نیشتمان دەڕزێنێ. لە کەشێکی ئاوادا ، كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بۆ ساڵی نوێی خوێندن یان بەڕێوەبردنی هەر بۆنەیەکی تر، تەنیا ڕازاندنەوەی کارەساتەکانە، نە نوێکردنەوەی ژێرخانە داڕماوەکان.