خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ی فێری ئاشتی ده‌بێ؟

عه‌لی حسێن فه‌یلی/ شەڕی نێوان ئێران و ئسرائیل مەیلێکی بەهێزی دروست كرد بۆ پەرەسەندن و بڵاوبوونەوە. له كاتێكدا مه‌ترسییه‌كانی له زۆر بواردا زیاتر كرد، هێشتا هیچ دڵنیاییه‌ك بۆ دوارۆژی سه‌قامی ناوچه‌كه و كۆتایی ململانێكه بوونی نییه .
ئه‌نجامی هەڵمەتە سەربازییە سەرکەوتووەکانیش زۆرجار سەرکەوتنی خێرای نەبووە بەڵکو تاڵاوێکی بێ‌کۆتایی لێکەوتووەتەوە. شەڕی شەش ڕۆژەی عه‌ره‌ب و ئسرائیل له ساڵی 1967 کەمتر لە هەفتەیەکی خایاند، بەڵام هیچ کام لە کێشە سیاسییە بنەڕەتییەکانی نێوان ئیسرائیل و دراوسێکانی چارەسەر نەکرد. چونكە زۆرێک لە ململانێکانی ڕابردوو بە "خەون و وەهم دەستیان پێکردووە كه گوایا خێرا و هەرزان و یەکلاکەرەوە دەبێت.
سەدام حسێن، لە ساڵی 1980دا ملکەچی هەمان جۆرە وەهم بوو، پێی وابوو شۆڕشی ساڵی 1979ی ئێران ئه‌و وڵاته‌ی لاواز كردووه. دەرئەنجامی ئەو وەهمە ئەوە بوو کە شەڕی ئێران و عێراق هەشت ساڵی خایاند و ئەو دوو وڵاتە جگە لە سەدان هەزار قوربانی زیانی ئابووری زۆریان بەرکەوت.
له ئێستادا، په‌یوه‌ست به جه‌نگی ئێران و ئسرائیل هەرچەندە ململانێکانی نێوانیان درێژە بخاێنێ، دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی قورس‌تر دەبێت. شەڕەکه به شێوازی دیكه به‌رده‌وام ده‌بێ ، هەستی ڕق و نه‌فره‌ت فره‌تر ده‌كات و هەركامیان مردن و وێرانکاری و ئازاری زیاتر بەسەر ئەوی دیکەدا دەسەپێنێ. ئارەزووی تۆڵەسەندنەوە لەم جۆرە بارودۆخانەدا سروشتییە.
بە حەق وتراوه: ئەگەر خەڵک بەڕاستی ئاگاداری بارودۆخی بەرەكانی جه‌نگ بن ئەوا سبەی ئه‌و جه‌نگه دەوەستێنن، بەڵام بێگومان نازانن و ناتوانن بزانن چونكو زۆرجار خەمڵاندنەکانی پێش جەنگ ناتەواون.
له‌م سه‌ده‌یه‌دا کەم شەڕی کورت و چارەنووسسازمان بینیوە کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی دەستپێشخەرەکانیاندا بوون و بە ئاسانی وەستان! له‌م ناوچه‌یه شەڕەکان پەرەدەسێنن چونکە له‌م جه‌نگه‌شدا ڕاستییه‌كان یەکەم قوربانی بوون ! ئه‌و لایه‌نه ده‌ره‌كیانه‌ی دەستوەردانیان كردووه تا پشکیان زۆرتر بێ، ئەوەندە قورس‌تر ڕازی ده‌بن بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕه.
به گشتی، هه‌ردوو لا پێش ئەوەی بگەنە ئەو شتەی کە دەتوانن وەک سەرکەوتنێک وێنای بکەن بیر له کۆتایی یه‌كجاری شه‌ڕه‌كه ناكه‌ن. بڕیاری راگرتنی جه‌نگ و ململانێی نێوان ئسرائیل و ئێران پێویستی به سه‌ركردایه‌تیه‌كی نوێ هه‌یه له كاتێكدا دورخستنەوەی بەرپرسەکانی ئه‌م دۆخه کارێکی یه‌كجارقورسە، ئه‌گه‌ر مەحاڵ نه‌بێ!
دواجار وانەکە ڕوونە: ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە ئەو جۆرە بڕیارانە هەرگیز نابێت لەبیریان بچێت کە چوونە ناو جەنگ ودەستپێکردنی زۆر ئاسانترە لە کۆتایی پێهێنان.